دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی دیکەی لە دژی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە کە داوای کرابوو خولی شەشەمی پەرلەمان بە نادەستووری دابنرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگاکە سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ـی رەتکردووەتەوە. ئەم سکاڵایە لە 26ی تشرینی یەکەمی 2026 تۆمار کرابوو و داوای دەکرد خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دابنرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دانیشتنی دادگا بە سەرۆکایەتیی مونزیر ئیبراهیم حوسێن، دادوەر و سەرۆکی دادگاکە و بە ئامادەبوونی هەموو دادوەرەکان بەڕێوەچووە. لە دانیشتنەکەدا چاو بەو سکاڵایەدا خشێنراوەتەوە، کە سکاڵاکار لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردبوو.

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە دا، سکاڵاکار لە سکاڵانامەکەیدا داوای کردبوو بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری بناسێنرێت و رێکارە یاساییەکانی دوای ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێن.

روونیشی کردەوە، بەپێی بەندی (93/یەکەم)ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ چاودێریکردنی ئەو یاسا و رێسایانەیە ئێستا کاریان پێ دەکرێت. بۆیە پرسی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دادگا کارێکی گشتییە و دادگا خۆی بڕیاری لەسەر دەدات، تەنانەت ئەگەرلایەنەکانی سکاڵاکەش باسیان نەکردبێت. بەو هۆیەشەوە سکاڵاکە رەت کرایەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی بەندی (94)ـی دەستووریش هەموو دەسەڵاتەکان دەبێت پێوەی پابەند بن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەش، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی ئەندامانی دادگاکە، تاوتوێی دوو داواکاریی فەرمانسالاریی خێرای (ئەمری وەلائی) لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کرد و هەردووکیانی رەتکردەوە.

نوێ دەکرێتەوە..