دەست بە پێداچوونەوە و وردبینی لە لیستی مووچەی خانەنشینان کرا

دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە یەکێک لە بانکەکانی هەولێر - ئەرشیف
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە یەکێک لە بانکەکانی هەولێر - ئەرشیف

K24 – هەولێر

لیژنەیەکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەستیان بە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد.

شێرکۆ عەباس، سەرۆکی تیمی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینان بە کوردستان24ی گوت: "بەگوێرەی دوایین رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، چەند لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە، لیژنەکەی ئێمە تایبەتە بە وردبینی لە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دەستبەکاربووین و هەماهەنگی باشمان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هاوکارمانن لەو بابەتە".

گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێ کەمتر لە مانگێک وردبینییەکە تەواو بێت، بەڵام رەنگە کەمتر لە هەفتەیەک کارەکان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەواو بکەین".

هەر لەبارەی پێداچوونەوە و وردبینی بە لیستی مووچەی خانەنشینان سوبحی مستەفا بەڕێوەبەری خانەنشینی یەکی هەولێر بە کوردستانی راگەیاند: "لیژنەی هاوبەشی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانیان کردین و داوای لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیانی 2023یان کرد، ئێمەش هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە و لیستی مووچەی خانەنشینان بە وردەکارییەوە دەخەینە بەردەستیان".

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردبووە، لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق لە هەولێرە لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 9/10/2023، سەردانی وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی دەکەن