ئەمەریکا داوا لە هاوبەشەکانی دەکات حەماس رازی بکەن هێرشەکانی رابگرێت
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ئەمەریکا داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، کە هەژموونی خۆیان بەرامبەر حەماس و لایەنگرەکانیان لە ئێران بەکاربهێنن، تاوەکو حەماس هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە لەگەڵ شاندی وەزیری دەرەوەیە گوتی: "بەڕاستی داوا لە هەموو هاوبەشەکانمان دەکەین، کە لەگەڵ حەماس یان حزبوڵڵا یان ئێران، لەگەڵ هەر یەکێک لەو سێ لایەنەدا پەیوەندییان هەیە یان هەر شتێکیان هەبێت، داوا بکەن حەماس هێرشەکانی بوەستێنێت و بارمتەکان ئازاد بکات، هەروەها و حزبوڵڵا و ئێران لە ناکۆکییەکان دووربخەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنتۆنی بلینکن، دوای سەردانی کردنی ئیسرائیل و ئوردن سەردانی وڵاتێکی دیکی ناوچەکە دەکات، بەڵام ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرا نەکرد.
ئەنتۆنی بلینکن و بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن: حەماس لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن، بەڵام تا ئێستا ئەوە لەسەر ئێران یەکلا نەبووەتەوە.
لەبەرامبەردا ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماسیان ئاراستە کردبێت و دەستیان لەوەدا هەبێت.