وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سوودانی و به‌رپرسانی عێراقی كۆده‌بێته‌وه

K24 - هەولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به سه‌ردانێك له عێراقه و جگه له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان به‌غدا و تاران، تاووتوێی دۆخی غه‌ززه و رووداو و پێشهاته‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیل ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 12ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به سه‌ردانێك گه‌یشته به‌غدا و له یه‌كه‌م وێستگه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ر یه‌ك له سوودانی و عه‌بدوڵڵاهیان تاووتوێی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان و بارودۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رووداو و پێشهاته‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و سوپای ئسیرائیل و بارودۆخی مرۆیی فه‌ڵه‌ستینیان كردووه.
راگه‌یاندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سوودانی جارێكی دیكه جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی عێراق به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها به پێویستی زانیوه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستوه‌ردان بكات و ژیانی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان رزگار بكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژی ئاسایشی عێراق پێشوازی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و شاندی یاوه‌ری كرد و پیرۆزبایی خۆی گه‌یانده عه‌بدوڵڵاهیان به‌بۆنه‌ی دووباره دروستبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه. ئه‌عره‌جی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه، كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌بێت.
هاوكات هه‌ریه‌ك له ئه‌عره‌جی و عه‌بدوڵڵاهیان تاووتوێی بارودۆخی كه‌رتی غه‌ززه كرده‌وه و به پێویستیان زانی هه‌ر چی زووه ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌ندرێت و ژیانی هاووڵاتییان و منداڵانی فه‌ڵه‌ستینی له مه‌رگ رزگار بكرێت.