سوپاى ئیسرائیل بۆ دانیشتووانى غه‌ززه: ئه‌وه‌ى له سنوور نزیك بێته‌وه ده‌یكوژین
K24 – هەولێر:
سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە دانیشتووانی غه‌ززه نزیکی تەلبهندى سنوور نەبنەوە و چەکدارەکانیان دەستکراوەن لەوەی تەقەیان لێبکەن.
رۆژی پێنجشه‌ممه (12ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) دانیال هاگاری، گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل هۆشدارى دایه دانیشتووانى کەرتی غه‌ززه، له سنوور نزیك نه‌بنه‌وه و رایگەیاند، هەوڵدان بۆ پەڕینەوە و تێپەڕبوون لە تەلبەندەکانی سنووری کەرتی غەززە، رووبەڕووی تەقەلێکردن دەبنەوە.
دانیال هاگاری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوه‌ى پشتیوانى له حه‌ماس بكات، خۆى دووچارى مه‌ترسییه‌كى گه‌وره ده‌كاتەوە و گوتیشی، "هێزه ئاسمانییه‌كانى ئیسرائیل ماڵى محه‌ممه‌د ئه‌بو شهمالهى سه‌ركرده له هێزى ده‌ریاوانى سه‌ر به حه‌ماسى له ناوچه‌ى ره‌فه‌ح كرده ئامانج، به‌پێى زانیاریه‌كانیش ماڵى ئه‌بو شه‌ماله وه‌ك كۆگاى پێویستیه سه‌ربازییه‌كانى هێزى ده‌ریایى به‌كارهاتووه".
لەلایەکی دیکەوە، بزووتنه‌وه‌ى دووپاتیکردەوە، تاوه‌كو شه‌ڕ مابێت هیچ گفتوگۆیه‌ك لەباره‌ى دیله‌كان ناكه‌ن، له به‌رامبه‌ریشدا ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، لەسەر بڕینی کارەبا، ئاو، خواردەمەنی و سووته‌مه‌نى له‌سه‌ر غه‌ززه، تا ئەوکاتەی حەماس دیله‌كان ئازاد ده‌كات.
هەروەها ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (12ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) وڵاتانى هاوپه‌یمانى ناتۆ پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل نیشاندا و بەشێک لە وڵاتانی ناتۆش به‌ڵێنی پێشکەشکردنی هاوكارى سەربازیش بە ئیسرائیل دووپاتکردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، یۆواف گالانتى، وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ی هاوپەیمانییەکە له رێگه‌ى ڤیدیۆکۆنفرانسەوه كرد و به‌رچاو روونى دایه وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ له‌سه‌ر هێرشەکانی حەماس و ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
هاوکات ڤابریتسو كاربۆنى، به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێمى لە رێکخراوی خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، هۆشدارى دا له‌باره‌ى ئه‌و بارودۆخه مرۆییه‌ى له غه‌ززه هەیە و رایگەیاند، بارودۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت به‌هۆى هێرشه‌كانى ئیسرائیل.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19ـی رۆژی پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.