بەغدا.. ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین

ئامادەکاری لایەنگرانی سەدر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین.
ئامادەکاری لایەنگرانی سەدر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین.

K24 – هەولێر:

لە شاری بەغدا لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئامادەکاری دەکەن سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی کە بڕیارە سبەی هەینی بۆ مەبەستی پشتگیریکردن لە دەوڵەتی فەڵەستین ئەنجامبدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا کرد سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی کە بڕیارە سبەی بۆ پشتیوانی لە کەرتی غەززەی فەڵەستین ئەنجامبدرێت.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاندووە، "بانگهێشتێکی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکانمان، بە تایبەتی سوپا و پۆلیس، بۆ ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانی سبەی بکەن".

رێبەری رەوتی سەدر، ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگهێشتنامەیەک بۆ شێخەکان، مامۆستایانی زانکۆ، قوتابییان، بۆ ئەوەی بەشداری لەو خۆپیشاندانە بکەن.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، پرسی فەڵەستین پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە.

ئامادەکاری لاینەگرانی سەدریش لە بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ سبەی هەینی دوای پۆستێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دێت، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کردبووی بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19ـی رۆژی پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

دوای دەستپێکی جەگی نێوان بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و ئیسرائیل وڵاتانی جیهان دابەش بوون بەسەر دووبەرە، بەشێکیان پشگیریان لە ئیسرائیل کرد و بەشێکیشیان پشتگیریان لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی کرد.

Fly Erbil Advertisment