بلینکن: نابێت بەرەی دووەم یاخود سێیەمی جەنگ دژی ئیسرائیل دروست بکرێت

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات، نابێت بەرەی دووەم یاخود سێیەمی جەنگ لە دژی ئیسرائیل دروست بکرێت، ئەنتۆنی بلینکن جەختیش دەکاتەوە، "ئەو پارەیەی ئێران لە رێگەی فرۆشتنی نەوت لە کۆریای باشوور داینابوو، هیچ لەو پارەیە نەگەیشتووەتە دەست ئێران و خەرج نەکراوە و ئێمە مافی ئەوەمان دەستبەسەر ئەو پارەیەدا بگرین".

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند، زۆر بە جددی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەین دۆخەکە بەو شێوەیە دەبێت، سەرۆک بایدن زۆر روون بووە سەبارەت بەوەی هیچ لایەن و وڵات نابێت هەوڵبدات دۆخەکە لە سوودی خۆی بقۆزێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشداری دەدات، ئەمە پابەندی ئەمەریکا و ئیسرائیلە، نابێت بەرەی دووەم یاخود سێیەمی جەنگ لە دژی ئیسرائیل دروست بکرێت.

ئەنتۆنی بلینکن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی جێگیرکردنی گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی، جێڕاڵد ئاڕ فۆرد لە ناوچەکە و دڵنیاییدان لەوەی ئەوەی ئیسرائیل پێویستییەتی بەردەستە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: "سەرۆک بایدن دووپاتی لەم ئاگادارکردنەوەی خۆی کردووەتەوە، ئەو پارەیەی ئێران لە رێگەی فرۆشتنی نەوت لە کۆریای باشوور داینابوو، هیچ لەو پارەیە نەگەیشتووەتە دەست ئێران و خەرج نەکراوە، ئەو پارەی لە هەژمارەکەدا هەیە، تەنیا بۆ هاوکاری مرۆیی وەک خۆراک، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بەکارهاتووە، ئێمە مافی ئەوەمان دەستبەسەر ئەو پارەیەدا بگرین".

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19ـی رۆژی پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.