کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: دەبێت تورکیا لە نێوان ئەوروپا و حەماس بەرەیەک هەڵبژێرێت
K24 – هەولێر:
بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە تورکیا خۆی یەکلایی بکاتەوە، لەبەرەی ئەوروپا و ناتۆدایە یاخود حەماس و حیزبوڵڵا.
رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) مارگریسی سکینەس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوور ئەفریقا رایگەیاند، پێویستە تورکیا هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئایا لەبەرەی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە، یاخود حەماس و حیزبوڵڵا، رووسیا و ئێران.
مارگریسی سکینەس باسی لەوەشکرد، هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ئیسرائیل مافی بەرگریکردنی لەخۆی هەیە دژی ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر.
هەروەها جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا هاوبەشێکی گرنگە بۆ ئەوروپا و کاریگەری گەورەی لەسەر ئاسایشی هەموو ئەوروپا هەیە، بەتایبەتی لەبابەتی پەنابەران و سنوورەکان.
ئەم هەڵوێستەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە هات کە راگەیەندرا، هەردوو سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئیسرائیل دەکەن و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکەنەوە.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئۆرسولا ڤۆندێرلەین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئیسرائیل دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆدەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) پهرلهمانی توركیا كۆبوونهوهیهكی داخراوی بە ئامادەبوونی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سهبارهت به پێشهات و رووداوهكانی نێوان بزووتنهوهی حهماسی فهڵهستینی و سوپای ئیسرائیل ئهنجامدا و لەلایەن خۆیەوە، نوعمان كۆرتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگهیاند، جگه له دامهزراندنی دهوڵهتێكی سهربهخۆ بۆ فهڵهستین كه پایتهختهكهی قودس بێت، هیچ جێگرهوه و بژاردهیهكی دیكه نییه.
رۆژی 9ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئهنادۆڵی توركی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل له ئهگهری ئەنجامدانی هێرشی ههڕهمهكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 10:30ـی شەوی دوێنێ پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.