ناوەڕۆکی نامەی ئاگادارکردنەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی غەززە

نامەی ئاگادارکردنەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ دانشتوانی غەززە
نامەی ئاگادارکردنەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ دانشتوانی غەززە

K24 - هەولێر:

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە نامەی ئاگادارکردنەوەی بەسەر کەرتی غەززەدا بڵاوکردەوە و بە دانیشتووانەکەی راگەیاند، بەزووترین کات ماڵەکانتان بەجێبێڵن و بچنە باشووری غەززە.

لە ناوەڕۆکی نامەی ئاگادارکردنەوەی سوپای ئیسرائیلدا کە ئاراستەی دانیشتووانی غەززە کراوە، داوا لە هاووڵاتییانی کەرتی غەززە دەکرێت، لەپێناو ئاسایش و سەلامەتیاندا، نابێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێیان دەگات.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت پەناگە گشتییەکان کە لەنێو غەززەدا ناسراون، چۆڵبکرێن.

سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، نزیکبوونەوە لە دیوانی ئەمنی غەززە قەدەغە کراوە و هەر کەس نزیکی ئەو دیوارە بکەوێتەوە، رووبەڕووی مردن دەبێتەوە.

لە کۆتایی نامەکەشدا، داوا لە هاووڵاتییانی کەرتی غەززە دەکات، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان بچنە باشووری غەززە کە بە (دۆڵی غەززە) ناسراوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 10:30ـی شەوی دوێنێ پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.