لۆید ئۆستن: لەیەک کاتدا پشتیوانی لە ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەکەین

ساتی گەیشتنی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ تەلئەڤیڤ - وێنە: AP
ساتی گەیشتنی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ تەلئەڤیڤ - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەیان دژی حەماس، گەیشتە تەلئەڤیڤ و لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لەیەک کاتدا پشتیوانی لە ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەکەین.

رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوتا ئیسرائیلییەکەی کۆبووەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە.

ئۆستن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ یۆئاف گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل چی پێویست بێت هاوکار دەبن، هۆشداریشی دایە ئەو وڵات و لایەنانەی بیانەوێت دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی، "ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی شتێک روونبکەینەوە، هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل جێگیر و نەگۆڕە، لەگەڵ ئیسرائیل لە هەماهەنگی تەواو دەبین بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن حەماسەوە گیراون لەناویشاندا ئەمریکییەکان".

ئۆستن باسی لەوەشکرد، "تیرۆر پاساوی بۆ نییە هەرکەسێک بیەوێت ئاسایشی درێژخایەن لەم ناوچەیە هەبێت پێویستە حەماس سەرکۆنە و گۆشەگیربکات، حەماس نوێنەری ئەو خەڵکەی فەڵەستین نییە کە بەدوای ئاشتی دەوڵەتەوەن، حەماس لەرووی تینوێتی خوێن و رقهەڵگرتنەوە لە داعش دەچێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆستن رایگەیاند، ئەوەی حەماس کردی خوێناویترین رووداوبوو لەدوای هۆلۆکۆستەوە، بۆ ئەو وڵات و لایەنانەی دەیانەوێت دۆخەکە دژی ئیسرائیل بقۆزنەوە یەک وشەم هەیە ئەویش 'مەکەن'.

هاوکات ئۆستن دووپاتیکردەوە، ئەمەریکا پشتیوانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەکات لەیەک کاتتدا، هەروەها دەتوانێت لەیەک کاتدا دوو ئامانج بپێکێت.