وەزیری بەرگری ئیسرائیل: پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە ئێران داڕێژراوە

یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل - وێنە: AP
یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران و حزبوڵڵا و حەماس یەک گرووپن و پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە ئێران داڕێژراوە.

رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، "ئێران، حزبوڵڵا و حەماس یەک گرووپن. هەموو شتێک لەلایەن ئێرانەوە بووە، پارەکە لەئێرانەوە تەرخانکراوە، پلانی هێرشەکەش لە ئێرانەوە داڕێژراوە".

یۆئاڤ گاڵانت ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگ نییە ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکە هەڵکردبێت یان نا، ئەوەی گرنگە پلانەکە لە ئێران داڕێژراوە و بیرۆکەی ئێرانە. بۆ ئەوەی هێزەکانیشمان وەڵامیان هەبێت، چاوەڕێی هۆکارێکین بۆ هێرشەکەمان".

رۆژی 9ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل له‌ ئه‌گه‌ری ئەنجامدانی هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.