دوو بهرپرسی باڵای ئهوروپا گهیشتنه ئیسرائیل
K24 – هەولێر:
سەرۆکی کۆمسیۆن و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا گهیشتنه ئیسرائیل و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتكردهوه.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ (ههینی 13ـی تشرینی یهكهمی 2023)، ئۆرسولا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئیسرائیلیان كرد و لەگەڵ سەرکردایەکی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی کۆمسیۆن و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە سەردانەکەیان بۆ ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دووپاتدەکەنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخهنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.