جۆن كێربی: ماوه‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی ئیسرائیل بۆ ده‌رچوونی دانیشتووانی غه‌ززه‌ دایناوه‌ زۆر كه‌مه‌

جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمه‌ریکا
جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمه‌ریکا

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی پێی وایه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی غه‌ززه‌ی داناوه‌ زۆر كه‌مه‌ و ماوه‌یه‌كی قورسه‌، كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی ناتوانن له‌و ماوه‌یه‌دا شاره‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) جۆن كێربی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئاگادارینامه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ ده‌رچوونی دانیشتووانی غه‌ززه‌ له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، ماوه‌كه‌ی كه‌مه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی ناتوانن فریای ده‌ربازبوون بكه‌ون.

هه‌روه‌ها كێربی رایگه‌یاند، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و میسر كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێڕه‌وێكی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غه‌ززه‌ كه‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، دابین بكه‌ن. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له‌ ده‌رچوونی دانیشتووانی غه‌ززه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌نه‌ شوێنێكی ئارام. گوتیشی، دانیشتووانی غه‌ززه‌ ئاره‌زوو ناكه‌ن شاره‌كه‌یان به‌جێبهێڵن، به‌ڵام به‌هۆی ره‌فتاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوونه‌ته‌ قوربانی.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخه‌نەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه،‌ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ 1799 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌.