جارێکی دیکە له حه‌مدانییه رێگری لە تیمی کوردستان24 کرا

K24 – دهۆك:
حەشدی شەعبی بۆ چەندین جاره رێگری لە تیمەکانی کوردستان24 دەکات و رێگە ناده‌ن رووماڵی هەواڵ و رووداوەکانی ژێر دەستیان بكرێت.
مەسعود وه‌رمێلی، پەیامنێری کوردستان24 له‌مباره‌یه‌وه راگەیاند، به مه‌به‌ستی رووماڵی ناشتنی رووفاتی 30 قوربانی دیکەی رووداوه‌كه‌ی حەمدانییە، وەک تیمێكی سێ کەسی کوردستان24 روومان لە شارۆچکەی حەمدانییەی مووسڵ کرد، بەڵام لە دەروازەی حەمدانییە لەلایەن هێزەکانی رەیان کلدانی سەر بە حەشدی شەعبی، رێگری لە تیمەکەمان کرا و رێگەیان نه‌دا بچینە ناو حەمدانییە.
دوایین ئاماری رووداوه‌كه‌ی حهمدانیییه
وه‌رمێلی راشیگەیاند، دوای هەوڵ و چەندین پەیوەندی، حەشدی شەعبی پێیان راگەیاندووە، کە ناوی کوردستان24 لە لیستی سووردایە و فەرمانیان پێکراوه رێگە بە کەناڵەکە نەدرێت رووداوی ناشتنی قوربانییانی حه‌مدانییه رووماڵ بكات.
روونیشیكرده‌وه، ئەمە جاری یەکەم نییە حەشدی شەعبی بەتایبەت هێزەکانی رەیان کلدانی رێگری لە کوردستان24 دەکەن، بەڵکو هەفتهی رابردووش لەلایەن هەمان هێز رێگەیان بە تیمی کوردستان24 نەدا بچنە ناو حەمدانییە.
درەنگانی شه‌وی (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هاوکات لە دوای رووداوەکە نزیکەی 70 برینداری رووداوەکە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک و چارەسەری پزیشکییان بۆ كرا و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیشەوە، پێداویستییەکان و هاوکاری ماددی بریندارەکان و کەسوکاریان کرا.
پێشتریش سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شه‌ی مووسڵ له گوته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی لە رێورەسمی بەڕێوەچوونی پرسەی قوربانییەکان رایگه‌یاند، تا ئێستا 25 ته‌رم نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژی (28ـی ئەیلوولی 2023) راگەیەندرا، بەشێک لە قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە، بەهۆی بەرزی رێژەی سووتاوییەکەیان، پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەکەیان پێش ئەوەی بەخاک بسپێردرێن.