گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: هێرشەکانمان بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێدەکەین
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، پەیامێک ئاراستەی دانیشتووانی غەززە دەکات بۆ ئەوەی ماڵ‌وحاڵیان بەجێبهێڵن و روو لە باشووری دۆڵی غەززە بکەن، هاوکات دەشڵێت: دوای کاتژمێر 8ـی ئەمشەو هێرشەکانمان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێدەکەین.
ئەمڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) ریچارد هێکت، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوایەکی ئاراستەی دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد و رایگەیاند، کەرتی غەززە چۆڵ بکەن و روو لە باشووری دۆڵی غەززە بکەن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشدا، دوای کاتژمێر 8ـی ئەمشەو هیرشەکانمان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێدەکەین.
ریچارد هێکت، دەڵێت: ژماره‌یه‌ك له تانك و زرێپۆشه‌كانیان چوونه‌ته ناو كه‌رتی غه‌ززه و چه‌ند ژێرخانێكی شاره‌كه‌یان بۆردومان كردووه.
هاوکات ئاشکرایشیکرد، 120 سه‌ربازیان كه به دیل گیراون، له‌ناو غه‌ززه‌ن.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە نامەی ئاگادارکردنەوەی بەسەر کەرتی غەززەدا بڵاوکردەوە و بە دانیشتووانەکەی راگەیاند، بەزووترین کات ماڵەکانتان بەجێبێڵن و بچنە باشووری غەززە.
لە ناوەڕۆکی نامەی ئاگادارکردنەوەی سوپای ئیسرائیل‌دا کە ئاراستەی دانیشتووانی غەززە کراوە، داوا لە هاووڵاتییانی کەرتی غەززە دەکات، لەپێناو ئاسایش و سەلامەتیاندا، نابێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێیان دەگات.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین کە ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، بڵاویكرده‌وه، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ 1799 كه‌س به‌رزبووه‌وه.
وه‌زاره‌تی تهندرورستی فه‌ڵه‌ستین راشیگه‌یاند، له نێو ئه‌و ژماره‌یه، 583ـی منداڵن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه تا ئێستا 6388 كه‌س بریندار بوونه.
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخه‌نەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.