ناتانیاهۆ: حەماس لەناودەبەین بەڵام کاتمان پێویستە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئیسرائیلدا هاتووه‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌، هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ حه‌ماس ده‌كات كه‌ له‌ناویان ببات.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا هات، هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌ن. ده‌شڵێت، گورزێك له‌ حه‌ماس ده‌وه‌شێنن كه‌ پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌كات و ده‌ڵێت له‌ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام بۆ له‌ناوبردنی پێویستیان به‌ كاته‌.

ناتانیاهۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ دابینكردنی چه‌كی زیاتر و پێویست، گفوگۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كردووه‌.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 21:30 ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخه‌نەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه،‌ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ 1799 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌.