بلینکن: حەماس کەسانی بێتاوان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت
سەرۆکوەزیرانی قەتەر: نابێت خەڵکی غەززە لە ئاو، کارەبا و دەرمان بێبەش بکرێن
K24 – هەولێر:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەموو دەرفەتێک لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تاووتوێ دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل نەبەنە قوربانی، هاوکات دەشڵێت: حەماس کەسانی بێتاوان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت. لەلایەن خۆیەوە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە کوشتنی خەڵکی سڤیل شەرمەزار دەکەین، هەموو مرۆڤێک بەهای هەیە، چ لە غەززە یان لە ئیسرائیل".
ئەمڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی کۆنگرەیکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە دەوحە رایگەیاند، داوام لە ئیسرائیل کردووە هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی لە غەززە نەکوژرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، راشیگەیاند، هەموو دەرفەتێک لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل نەبەنە قوربانی. ئاماژەی بەوەدا، بزووتنەوەی حەماس کەسانی بێتاوان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
سەبارەت بە داواکاریی ئیسرائیل بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل ڕوو لە باشوور بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە ناو مەودای ئامانجەکانیەوە، بلینکن گوتی، "ئەوە تاکە رێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە هێڵی مەترسیدا نین و ئەو هاوکارییانە وەردەگرن کە پێویستیان پێیە".
ناوبراو گوتیشی: هیچ وڵاتێک بەرگەی تاقمێکی تیرۆریستی ناگرێت کە هاووڵاتیانی خۆی سەربڕێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل داوای لە هەموو دانیشتوانی کەرتی غەززە لە فەڵەستین کرد کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بچن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و ئامادەبن لە باشووری دۆڵی غەززە.
ئەنتۆنی بلینکن لەم بارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تۆڵەکردنەوە نییە، پێموانییە هەر وڵاتێک رووبەڕووی ئەو شتە ببێتەوە کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی بووەتەوە جگە لەوە هیچی دیکە بکات، ئێمە رێگەنادەین ئەمە دووبارە ببێتەوە، ئێمەش سەرنجمان لەسەر دڵنیابوونە لەوەی ئیسرائیلییەکان پارێزراوبن"
سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی ئێران لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەڕەشانەی کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕدا دەریکردوون، بلینکن گوتی "نامانەوێت هیچ وڵات و قەوارەیەک سوود لەم دۆخەی ئێستا وەربگرێت".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، هەر لایەنێکی دیکە کە بیر لە فراوانکردنی ململانێکان بکاتەوە، نابێت ئەو کارە بکات، ئێمە کەشتیی فڕۆکە هەڵگرەکەمان جێگیر کردووە بۆ ئەوەی کەس سوود لە دۆخەکە وەرنەگرێت.
لەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە حەماس کە رۆژی شەممە دژی ئیسرائیل ئەنجامیدا، سەرنجەکان رووی لە ئێران کردووە بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام سەرکردەکانی ئێران پشتڕاستی دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان دەستی لەو هێرشەدا نەبووە، بەڵام پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دەربڕی.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی، لە لوبنانەوە، رایگەیاند، ئەگەر بیەوێت خۆی لە شەڕێکی ناوچەیی بەدوور بگرێت، دەبێت ئەمریکا کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل بکات، جەختی لەوەش کردەو،ە کە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ بەیروت پشتڕاستکردنەوەی ئاسایشە بۆ وڵات لە دوای هێرشەکەی سەر غەززە.
لای خۆیەوە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، رایگەیاند، ئێستا دەوحە سەرنجی لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم ململانێیەی نیوان ئیسرائیل و حەماسە.
سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر گوتی: "ئێمە بینیمان ئەو وێرانکارییەی کە غەززەی گرتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەوێ کوژراون، بێگومان ئێمە کوشتنی خەڵکی سڤیل شەرمەزار دەکەین، هەموو مرۆڤێک بەهای هەیە، چ لە غەززە یان لە ئیسرائیل".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، " هیوادارین بگەینە چارەسەرێکی هەمیشەیی". گوتیشی:"نابێت خەڵکی غەززە لە ئاو، کارەبا و دەرمان بێبەش بکرێن و ئەمە بابەتێکی مەترسیدارە".
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین کە ئهمڕۆ ههینی 13ـی تشرینی یهكهمی 2023، بڵاویكردهوه، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆسهر كهرتی غهززه ژمارهی گیان لهدهستدان بۆ 1799 كهس بهرزبووهوه.
وهزارهتی تهندرورستی فهڵهستین راشیگهیاند، له نێو ئهو ژمارهیه، 583ـی منداڵن. ئاماژهی بهوهشكرد، بههۆی هێرشهكانهوه تا ئێستا 6388 كهس بریندار بوونه.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخهنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.