سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە:AP
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە:AP

K24 – هەولێر:

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆخی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هاوکات گوتیشی: پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی مافی مرۆڤ رێزیان لێبگیرێت و دەستبەجێ بارمتەکان لە غەززە ئازاد بکرێن.

ئەمڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند، دوای چەندین رۆژ لە بۆردوومانکردن سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی غەززە و دەوروبەری کردووە بچنە باشووری ناوچەکە، کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی جەنگ، بۆ شوێنێک کە خواردن، ئاو و شوێنی مانەوەیان نییە و لە کاتێکدا ناوچەکە لەژێر ئابڵۆقەدایە.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشانی بە بەردەوامی کار بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە دەکەن، هەروەها گوتیشی: لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە لە پەیوەندییەکی بەردەوام دابوومە لەپێناو کەمکردنەوەی نەهامەتی و هەروەها رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و ناوچەکانی دیکە بکرێت، بە تایبەتی لە باشووری لوبنان، شەڕی لە ناوچەی هێڵی شین جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە و دەبێت بوەستێت.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، دەڵێت: دۆخی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەروەها پێویستە دەستبەجێ بتوانین بگەینە غەززە تا سووتەمەنی، ئاو و خۆراکی بۆ دابین بکەین، پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی مافی مرۆڤ رێزیان لێبگیرێت، هەروەها پێویستە دەستبەجێ بارمتەکان لە غەززە ئازاد بکرێن".

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین کە ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023،  بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ 1799 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندرورستی فه‌ڵه‌ستین راشیگه‌یاند، له‌ نێو ئه‌و ژماره‌یه، 583ـی منداڵن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا 6388 كه‌س بریندار بوونه‌.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخه‌نەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.