دایکی هاوسەرەکەی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە غەززەوە بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

هەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە دایکی هاوسەرەکەی لە غەززەوە تۆماری کردبوو، لەگرتە ڤیدیویەکەدا وا دیارە خەسووی هەمزە دەگری، ئیدانەی ئاگادارکردنەوەکەی ئیسرائیل دەکات کە داوای لە دانیشتوانی کەرتی غەززە کردووە ناوچەکە چۆڵ بکەن. 

هەمزە یوسف سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی: "ئەوە ئەلیزابێس ئەلنەکلە". دایکی ژنەکەمە، وەک زۆرینەی خەڵکی غەززە، هیچ پەیوەندییەکی بە حەماسەوە نییە، داوای لێ کراوە غەززە بەجێبهێڵێت، بەڵام وەک هەموو دانیشتووان گیری خواردووە و هیچ شوێنێک نییە بۆی بڕوات".

ئەلنەکلە، لە ڤیدیۆکەدا گوتی: "ئەمە دوا ڤیدیۆی من دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەک ملیۆن کەس بێ خواردن و بێ ئاون، ئەوانیش سوپای ئیسرائیل، بۆردومانیان دەکەن، لە کوێ دایانبنێین؟ مرۆڤایەتی لە کوێیە؟

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل داوای لە "هەموو دانیشتوانی شاری غەززە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بچن". بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و نەگەڕێنەوە تاوەکو ئاگادار دەکرێنەوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم رێوشوێنەی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و حەماسیش لە رەتیکردەوە، هەروەها هەمزە یوسف کاتێک قسەی بۆ سکای نیوز دەکرد، دەستی بە گریان کرد، کاتێک هەستی بە بێدەسەڵاتی و ناڕەحەتی کرد.

هەمزە یوسف، حکومەتی بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاری نەکردووە، هەروەها بێ ئومێدی و تووڕەیی خۆی دەربڕی، چونکە نامەیەکی بۆ جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نووسیوە، بۆئەوەی لە دۆخی کەسوکارەکەی ئاگاداری بکاتەوە، بەڵام ئەو وەڵامی نەداوەتەوە، لەکاتێکدا سەردانی ئیسرائیلی کردووە.

دەشڵێت: لەو کاتەوەی دایک و باوکی هاوسەرەکەی لە کەرتی غەززە گەمارۆدراون، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک نەبووە.

سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا بە BBCـی بەریتانی راگەیاند، ئیسرائیل لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی حەماسدا "زۆر دوور رۆیشتووە".

یوسف گوتیشی: "سزادانی بەکۆمەڵ پاساو نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی بێتاوان "باجێکی قورس دەدەن بۆ ئەم هێرشە ترسناکانە کە هیچ پەیوەندییەکیان پێیەوە نییە".

بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی بەناوی "زریانی ئەقسا" کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون، لەوەڵامیشدا ئیسرائیل بەچڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کردووە، کە زیاتر لە 1700 کەس کوژراون کە نزیکەی 500 کاسیان منداڵن. هەروەها زیاتر لە 5 هەزار کەسیش بریندارن.