ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی F-15 دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-15E Strike Eagle" گەیشتنە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بۆ بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری A10 گەیشتوون، پێشبینیش دەکەین فڕۆکەی زیاتر بگاتە ناوچەکە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن بە نیاز نییە لە چوارچێوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هێزی سەربازی جێگیر بکات، گوتیشی: "نابێت بەهۆی حەماسەوە هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە تاوانبار بکرێن".
جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، هیچ نیازێک نییە بۆ جێگیرکردنی سەربازانی ئەمەریکی، ئیسرائیلییەکان نایانەوێت سەربازانی ئەمەریکی بەشداربن لەم ململانێیەدا.
دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە شەممەی رابردوو، ئەمەریکا رایگەیاند، فڕۆکەی جەنگی جێت رەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل نیشان بدات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەیکرد، بەرپرسانی بەرگری پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی هێرشبەری زەمینی A-10 کە لە بنکەی ئاسمانی زەفرا لە ئیمارات جێگیر دەبن.