رێکخراوی پاراستنی منداڵان: ئیسرائیل زیاتر لە 600 منداڵی فەڵەستینی کوشتووە

K24 - هەولێر

رێکخراوی پاراستنی منداڵان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی منداڵانی فەڵەستینی لە شەڕی ئیسرائیلدا بۆ 614 منداڵ بەرزبووەتەوە و پێدەچێت ئەم ژمارەیەش بەرزبێتەوە.

رێکخراوی پاراستنی منداڵان، کە رێکخراوێکی ئەمەریکیە، ئێوارەی رۆژی هەینی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووەتە هۆی کوژرانی 583 منداڵ، کە یەک لەسەر سێی ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت.

دەشڵێت: تەنیا لە کاتژمێرەکانی کۆتایی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا، نزیکەی 31 منداڵ لەکەرتی غەززە کوژراون.

رێکخراوەکە پێشبینی دەکات ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رێگری لە دانیشتوانی کەرتی غەززە دەکات کە دەستیان بە خۆراک و ئاو و کارەبا و پێداویستییە پزیشکییەکان بگات.

پارێزەر و راوێژکاری سەرەکی سیاسەتی رێکخراوی پاراستنی منداڵان، براد پارکەر دەڵێت: "لێدوانەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هێرشێکی بەرفراوان بوو کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکرد کە ئەوەی روودەدات هەڵمەتێکی جینۆساید بێت دژی گەلی فەلەستین".

پارکەر گوتیشی: لە هێرشەکانی ئیسرائیل دا وادەردەکەوێت کە بە ئەنقەست خەڵکێکی زۆر لە غەززە دەکوژن، بەمەش هەموو ئامانجەکان بۆ لەنابردنی ژیانە لە کەرتی غەززە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی هەشت رۆژی شەڕدا هەزار و 951 فەلەستینی لەکەرتی غەززە کوشتووە و شەش هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بووە.