مامەڵەکارێکی ئاڵوگۆڕی دراو: هەندێک گرووپ یاری بە بەهای دۆلار و دینارەوە دەکەن

"ژمارەیەک لایەنی سیاسی دەستیان خستووەتە ناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، لێناگەڕێن بەهای دینار بەرز بێتەوە"

دۆلار و دینار
دۆلار و دینار

K24 – سلێمانی

مامەڵەکارێکی ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند، هەندێک گرووپ یاری بە بەهای دۆلار و دینارەوە دەکەن و ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانیش لە عێراق دەستیان خستووەتە ناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، تەنیا هاووڵاتییان لەو ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیانمەندن.

شوان مەجید، خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار کەمێک بەرز بووەوە، 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 160 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت".

گوتیشی: "لە یاسای بودجەی عێراق بەهای 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار پەسند کراوە، ئێستا لە عێراق 20 تا 30 ملیۆن دینار دەخرێتە بازاڕەوە کۆمپانیاکان بۆ کوێی دەبەن؟ بۆ لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، ئەگەر لایەنی سیاسی لە پشت ئەو ناجێگیرییەی بەهای دۆلار نیین، بۆچی حکومەتی عێراق گۆڕانکاری لە کۆمپانیاکان ناکات؟، هیچ هاووڵاتییەک لەو دۆخە سوودمەند نییە، جگە لە کۆمپانیاکان".

ئەو مامەڵەکارەی دراو، دەشڵێت: "لەوانەیە دۆلار لە عێراق ببردرێتە دەرەوەی وڵات و لایەنی سیاسیی هەن دەستیان گرتووە بەسەر کاروباری ئاڵوگۆڕی دراو، ناهێڵن بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بێتەوە، بۆیە لە یاسای بودجە بە 130 هەزار دینار پەسندکراوە، بۆ ئەوەی هەندێک لایەن و کەس قازانجی لێ بکەن".

پێی وایە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی ئەوەیە، کە پێشتر رۆژانە زیاتر دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، وەکخۆی دەڵێ: "پێشتر رۆژانە بانکی ناوەندی 70 تا 100 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕ، بەڵام ئێستا کەمیکردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک دانابەزێت، لە راستیدا لایەنە سیاسییەکان دەستیان خستووەتە کاروباری ئاڵوگۆڕی دراو، ئەگەر بەو جۆرەش بەردەوام بێت دۆخەکە بە خراپ بەسەر بانکی ناوەندی دەشکێتەوە".

جەختیکردەوە: "بەهای دۆلار راستەوخۆ پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، هەندێک گرووپ یاری بە بەهای دۆلار و دینارەوە دەکەن و خەڵک لێی زیانمەند دەبن، رۆژی وا هەیە لەکاتی داخستن 100 دۆلار بە 160 هەزار دینارە، سەیر دەکەی کاتژمێر 12ی شەو دەڵێن بە 163 هەزار دینارە و هەندێک کەناڵی راگەیاندنیش بڵاوی دەکەنەوە، کەس بەو گرووپانە بڕوا نەکات کە شەوانە گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار بڵاودەکەنەوە، تەنیا دەتوانن ئەو کاتە متمانە بە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بکەن ئەوکاتەی کە لە بانکی ناوەندی دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە".