هاووڵاتییانی ئەمەریکا لە رێگەی دەروازەی رەفحەوە کەرتی غەززە جێدەهێڵن

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئەمەریکا رایگەیاند، میسر و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر رێگەدان بە هاووڵاتییانی ئەمەریکا کە لە رێگەی دەروازەی "رەفح"ەوە کەرتی غەززە بە جێبهێڵن.

ئەو بەرپرسە کە یاوەری ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە لە گەشتە ناوچەییەکەیدا رایگەیاند،  هەردوو هاوبەشەکەی ئەمەریکا رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی دەروازەکە بەڕووی هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە.

ئاماژەی بەوەشکرد: دوای ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن رۆژی هەینی سەردانی قەتەری کرد، هاوکات قەتەڕ بە گوشار خستنە سەر حەماس توانی وای لێبکات بەشداری رێککەوتنەکە بکات.

بەرپرسەکە لەبارەی ژمارەی ئەمەریکییەکان لە غەززە، گوتی: 500 بۆ 600 هاووڵاتی ئەمەریکی لە کەرتی غەززە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دەرچوون لەو ناوچەیە.

ڕۆژی هەینی ئیسرائیل ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس کرد کەرتی غەززە جێبهێڵن، لەکاتێکدا خۆی بۆ هێرشی زەمینی ئامادە دەکات، دوای شەڕێکی سەخت کە ماوەی هەفتەیەک زیاترە بەردەوامە.

بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی بەناوی "زریانی ئەقسا" کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون، لەوەڵامیشدا ئیسرائیل بەچڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کردووە، کە زیاتر لە 1700 کەس کوژراون کە نزیکەی 500 کاسیان منداڵن. هەروەها زیاتر لە 5 هەزار کەسیش بریندارن.