رووسیا: بە سەدان سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و 31 درۆنیشمان خستووەتە خوارەوە
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای ئۆکرانیا زیاتر لە 675 سەربازی ئەو وڵاتە کوژران و برینداربوون، هەروەها 31 درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ـی ئۆکرانیاشیان خستووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەندراوی رۆژانەی خۆیدا، سەبارەت بە پێشکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیادا رایگەیاند، لە پارێزگای خارکۆڤ لە کوبیانسک، هێزەکانمان حەوت هێرشی ئۆکرانیایان بەرپەرچ داوەتەوە، کە بەهۆیەوە 215 کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
هەر لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، لە بەری کراسنی لیمانسک، هێزەکانمان دوو هێرشی ئۆکرانیایان بەرپەرچ داوەتەوە و نزیکەی 30 سەربازیان کوشتووە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا باسی لەوەشکرد، 185 سەربازی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک لە وێستگەیەکی رێنمایی ئەلیکترۆنی کوژران. هەروەها لە باشووری دۆنێتسک، 170 سەربازی ئۆکرانی کوژران.
لە راگەیەندراوەکەی بەرگری رووسیادا هاتووە، لە زاپۆرۆژیا ئۆکرانیا پێنج هێرشی کردە سەر سوپای رووسیا، بەڵام هێرشەکان بەرپەرچدرانەوە و زیاتر لە 35 سەربازییان کوژران.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە خێرسۆن و لۆهانسک 40 سەرباز کوژران و 31 فڕۆکەی درۆنیشمان خستووەتە خوارەوە.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا چەند هەرێمێکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، بە دەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون، تاوەکو ئێستاش شەڕوپێکدادانەکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.