سوودانی و رەئسیی دۆخی غەززە تاووتوێ دەکەن
K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامدا و هەردوولا دۆخی غەززەیان تاووتوێ کرد و جەختیان لە پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و دابینکردنی رێرەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامدا و هەردوولا جەختیان لە پێویستی جمووجۆڵی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە کردەوە.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوودانی و رەئیسی جەختیان لە پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و دابینکردنی رێرەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری کردەوە.
رۆژی شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
لەلای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.