چین خه‌ریكی نێوه‌ندگیرییه له‌نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل
K24 – هەولێر:
په‌كین به نیازه له رێگه‌ی ناردنی نێردراوێك، ئاڵۆزی و جه‌نگی نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل هێور بكاته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه وانگ یی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌منزیكانه نێرده‌ی تایبه‌تیان ره‌وانه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل ده‌كه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ شه‌ممه له رێگه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه چای جوون نێرده‌ی تایبه‌تی چین بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ینی رابردوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆمكاری عه‌ره‌بی كۆبووه‌وه و به نیازه سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین بكات.
چای جوون له‌مباره‌یه‌وه به رۆژنامه‌ی (ساوس چینا مۆرنینگ پۆست)ـی راگه‌یاندووه، ئیدانه‌ی هه‌موو ئه‌و هێرشانه ده‌كه‌ن، كه زیان به خه‌ڵكی سڤیل ده‌گه‌یه‌نن.
دواشیكرد، هه‌رچی زووه ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌ندرێت.
به بۆچوونی جوون، چین هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل نییه، ته‌نیا به‌رگری له ئاشتی ده‌كات.
رۆژی شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
لەلای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.