ئیسرائیل داواى چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كانى غه‌ززه ده‌كات و ئەمەریکاش فڕۆکەی F-15 دەنێرێتە ناوچەکە
K24 – هەولێر:
لایه‌نه ته‌ندروستییه‌كانى فه‌ڵه‌ستین ئاشكرایان كردووه، ئیسرائیل داواى چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كانى غه‌ززه و باكوورى كه‌رتى غه‌ززەی كردووه، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له هێرشه‌كاندا هیچ شوێنێك پارێزراو نابێت.
رۆژی (13ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) ئیسرائیل داواى له دانیشتوانى باكوورى كه‌رتى غه‌ززه كرد ماڵه‌كانیان بهجێبهێڵن و بچنه ناوچەکانی باشوورى غەززە کە بە "وادی غەززە" ناسراوە.
له هه‌شته‌م رۆژى جەنگی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس له كه‌رتى غه‌ززه، كارگێڕى نه‌خۆشخانه‌ى ئهلعهودهى حكومى له باكوورى غه‌ززه ئاشكراى كرد، ئه‌مڕۆ په‌یامێكى فه‌رمیان له سوپاى ئیسرائیله‌وه پێگه‌یشتووه بۆ چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كه به‌گشتى بە بریندار و نه‌خۆشه‌كانیشەوە.
هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ى قودس له شارى غه‌ززه كه سه‌ر به مانگى سوورى فه‌ڵه‌ستینییه ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزه‌كانى ئیسرائیل هۆشداریان پێیانداوه نه‌خۆشخانه‌كه ده‌ستبه‌جێ چۆڵبكه‌ن".
لەلایەن خۆیەوە، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌ڵه‌ستین رایگەیاندووە، هێرشه‌كانى ئیسرائیل وایكردووه نه‌خۆشخانه‌ى دوڕەى منداڵان چۆڵبكرێت، دوای ئه‌وه‌ى به بۆمبى فۆسفۆرى هێرشى كرایه سه‌ر.
ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش دووه‌م نه‌خۆشخانه‌یه دوای نه‌خۆشخانه‌ى بەیت حانون، له كۆى ئەو هه‌شت نه‌خۆشخانەی له كه‌رتى غه‌ززه به‌هۆى هێرشه‌كانى ئیسرائیل له كاركردن وەستاون.
بەشێکی غەززە چۆڵدەکرێت
لە دوێنێوه دواى په‌یامەکەى سوپای ئیسرائیل، دانیشتوانى كه‌رتى غه‌ززه بە لێشاو ناوچەکانیان چۆڵ کرد، بەڵام شایه‌دحاڵه‌كان بە میدیاکانیان راگەیاندووە، ئه‌مڕۆ شەممە چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززە كه‌متر بووەته‌وه.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا ئه‌و هۆشداریه‌ى سوپای ئیسرائیلیان ره‌تكرده‌وه و جەختیان کردووەتەوە، چۆڵکردنی ماڵەکانیان لەلایەن زیاتر له یەک ملیۆن كه‌سەوە له ماوه‌ى 24 كاتژمێر مه‌حاڵه. هەروەها هه‌ر یه‌كە لە قاهیره، ریاز و عه‌ممان ئه‌و هۆشداریه‌ى ئیسرائیل به هه‌نگاوێكى مه‌ترسیدار ده‌زانن.
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووه، دوای هەفتەیەک لە بۆردوومانی توندی هێزەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە لە کەرتی غەززە وێرانبوون. دەزگای مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناسراو به "ئۆچا" ده‌ڵێت، پێنج هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوون و نزیکەی سێ هەزار و 750 خانووی دیکەش بەڕێژەیەک زیانیان پێگەیشتووە کە ئیتر بە کەڵکی نیشتەجێ بوون نەماون.
ئه‌مەریكا فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌رى F-15 ده‌نێرێته رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
رۆژی شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندیى هێزه‌كانى ئه‌مەریكا بڵاویکردەوە، فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌ریان له جۆرى F-15 كه سه‌ر به فڕۆكه چاودێریهكانه، ناردووەته رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
فه‌رمانده‌یى هێزه‌كانى ئه‌مەریكا رایگه‌یاندووە، "ئه‌و جموجۆڵه سه‌ربازییانه، له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و گرنگیدانه‌ی ئه‌مەریكایه له ته‌واوى ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، دوای پەرەسەندنەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس".
ناردنى فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كان وه‌ك پشتیوانییه‌كى ئه‌مەریكا بۆ ئیسرائیل، دواى ناردنى كه‌شتى فڕۆكه هه‌ڵگرى (جیراڵد فۆرد) هات بۆ ده‌ریاى ناوه‌ڕاست، کە پێنج هه‌زار سه‌ربازى هێزى ده‌ریاوانى و چه‌ندین مووشه‌ك و فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌رى لەخۆگرتووە.
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆ ئیسرائیل: دووچارى بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره ده‌بن
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران داوا له ئیسرائیل ده‌كات هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر كه‌رتى غه‌ززه رابگرێت و هۆشداریش ده‌دات لە فراوانبوونی بەرەی شه‌ڕکردن بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
رۆژی شه‌ممه (14ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له به‌یروتى پایته‌ختى لوبنان بە رۆژنامه‌نووسانی راگەیاند، "حزبوڵڵا ته‌واوى سیناریۆكانى به‌هه‌ند وه‌رگرتووه، بۆیە پێویسته ئیسرائیل هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر كه‌رتى غه‌ززه به زووترین كات بوه‌ستێنێت، ئه‌گه‌ر نه‌یوه‌ستێنێت دووچارى بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره ده‌بێته‌وه".
ئیسرائیل، حزبوڵڵا به مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خۆى ده‌زانێت و ئەوەشی ئاشکراکردووە، حزبوڵڵا خاوه‌نى 150 هه‌زار مووشه‌ك و كاتیۆشایه، بەشێوەیەک مووشه‌كى هێنده زیره‌كى هه‌یه، ده‌توانێت به وریاییه‌وه هه‌موو ئه‌و شوێنانه بپێكێت و بیكاته ئامانج كه مه‌به‌ستیه‌تى له‌نێو ئیسرائیل.
هاوکات حزبوڵڵا ئاشكراى كردووه، دوای ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى نێوان بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس و ئیسرائیل، چه‌كدارەکانی به‌درێژایى سنوورى لوبنان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له ئاماده‌باشى ته‌واودان بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى له‌ناكاو، ئه‌گه‌ر بێته پێشه‌وه.
هەر ئەمڕۆ شەممە سوپاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، له هێرشێكى هێزه‌كانى ئاسمانى به فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان له‌سەر سنوورى لوبنان، شانه‌یه‌كى چه‌كدارانى حزبوڵڵاى به ئامانج گرتووه كه به نیازبوونه دزە بکەنە ناو خاكى ئیسرائیل.
ئاماری کوژراوان و برینداران لە بەرزبوونەوەدایە
رۆژی 9ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل له ئه‌گه‌ری ئەنجامدانی هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 18:40ـی رۆژی شەممە) زیاتر لە هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە دوو هەزار و 215 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.