ناتانیاهۆ: بۆ هێرشکردنە سەر غەززە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە ئامادەکاری کراوە
K24 – هەولێر:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەچێتە بەرەکانی جەنگ و دەڵێت، بۆ هێرشکردنە سەر غەززە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە ئامادەکاری کراوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەربازەکانی وڵاتەکەی لە بەرەکانی جەنگ لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەی بەسەرکردەوە و فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ کرد "هەتا چارەسەری تەواوی ئاڵۆزییەکان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان وازنەهێنێت".
ناتانیاهۆ لەوەڵامی فەرماندە سەربازییەکەدا دەپرسێت: ئامادەن بۆ شەڕ؟ چونکە زۆری دیکە ماوە ئەنجامی بدەین!، هاوکات دەڵێت: بۆ هێرشکردنە سەر غەززە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە ئامادەکاری کراوە.
سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر غەززە ئامادە دەکات و 360 هەزار سەرباز لەسەر سنووری غەززە کۆکراونەتەوە.
دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەرەکانی جەنگ، حیزبوڵای لوبنان دەستیکرد بە بۆردومانکردنی ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: ئێستا کۆتایی بە شەڕ بهێنن چونکە سبەی درەنگە.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
لەلای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە