ئیسرائیل داوای مووشەکی زیاتری هێڵفایەر لە ئەمەریکا دەکات

K24 – هەولێر

بۆ شەڕ دژی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل داوای مووشەکی زیاتری هێڵفایەر لە ئەمەریکا دەکات.

کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوای مووشەکی زیاتری هێڵفایەری لە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا کردووە.

ئەی بی سی نیوز باسی لەوەشکردووە، کاروانێکی چەکی و تەقەمەنی ئەمەریکا گەیشتووەتە ئیسرائیل و کاروانێکی دیکەش بەڕێوەیە، بڕیارە مووشەکی هێڵفایەر و گولـلەی سیستەمی بەرگری کڵاوەی ئاسنین و ژمارەیەک بۆمب لەخۆبگرێت.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەختی لەوەکردووەتەوە، سەرجەم ئەو چەکانە بۆ ئیسرائیل دابین دەکەن کە پێویستی پێیەتی بۆ سەرکەوتن لە جەنگی دژ بەحەماس.

پێشتر لە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023) جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندبوو: "چەک و مووشەک بۆ ئیسرائیل دەنێرین، بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات، هەروەها رێگەنادەین رق و کینەی ئایینی  دروست بێت".

بەگوێرەی زانیارییەکان لە 11ی ئەم مانگە ئەمەریکا کاروانێکی چەک و تەقەمەنی بۆ رووبەڕوبوونەوەی حەماس، رادەستی ئیسرائیل کرد.

بەرەبەیانی رۆژی 7/10/2023، کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.