بۆ یەکەمجار کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
سبەی دووشەممە، بۆ یەکەمجار شاری بەغدا، میوانداری 39ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەبی دەکات، کە 21 وڵات بەشداری تێدا دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، کامیل ئەمین هاشم رایگەیاند، سبەی دووشەممە،16ـی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ یەکەمجار شاری بەغدا، میوانداری 39ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەبی دەکات، کە 21 وڵات بەشداری تێدا دەکات.
راشیگەیاند، وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکە لەلایەن سەرۆکی خولی 38ـی پێشووی مەغریب، عەبدولەتیف وەهبی، وەزیری دادی مەغریب ئەنجام دەبێت و پاشان سەرۆکی کۆنفرانسەکە، وەزیری دادی عێراق، خالید شاوانی، ئەرکەکانی کۆبوونەوەکە دەگرێتە ئەستۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێت، لەوانەش گفتوگۆی رێنمایی یاساکانی عەرەبی، جگە لە هەنگاونان بەرەو پەیوەستبوون بە رێککەوتنە عەرەبییەکان، هەروەها یاداشت و پرۆتۆکۆلەکانی پەیوەست بە یاسای عەرەبی و دەسەڵاتی دادوەری و کاری دادوەری بە گشتی تاوتوێ دەکرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "چەندین کۆبوونەوەی لاوەکی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و وەبەرهێنان لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە ئەنجامدەدرێت.