نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق: ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریستان
K24 - هەولێر:
زێدان خەلەف، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، گوتاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی خوێندەوە و باسی لەوەکرد، ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کردووە، بەدووری نابینن ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشەیەکی رێکخراو و مەبەستداربن لەسەر عێراق بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵگەکەی کە تائێستاش پابەندە بە بەها ئەخلاقییەکان.
نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیشیکردەوە، کە ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریستان.
لە گوتارەکەی سوودانیدا هاتووە، "یەکێک لە پایەکانی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دابینکردنی هەلیکارە بۆ گەنجان چونکە زۆرینەی ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردێنن لەچینی گەنجانن و بێکارن".
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرەعەقڵییەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کۆمەڵگاکان، وە پێویستە هەموو وڵاتان و رێخکراوە نێودەوڵەتییەکان هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی شەڕی ئەو ماددانە.
گوتیشی: کۆمەڵگەکەمان خراوەتە ژێر گەمارۆ ماددەی هۆشبەر تا تێکیبشکێنن.
وەک سوودانی لە گوتارەکەیدا باسی لێوە کرد، یەکێک لە زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، زیانی تەندروستییە کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی جەستەی بەکارهێنەرانی، زیانێکی دیکە ئەو ماددانە، هەڵوەشاندنەوەی خێران و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەیە، گوتیشی: بەدووری نازانین، ئەمە بەئامانجگرتنێکی مەترسیدار بێت دژی هەندێک کۆمەڵگە، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگەیانەی پابەندی بەها ئەخلاقییەکانن.