نەسروڵڵا رەشنودی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا شەهیدێکی زۆری داوە
K24 - هەولێر:
نەسروڵڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبووە بە تێکۆشانی جددی لە شەڕی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان و، لەم شەڕەشدا شەهیدێکی زۆری داوە.
کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئۆکتۆبەر، لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ هەماهەنگیکردن و هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە لە بنەبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکاندا.
وەک نەسروڵڵا رەشنودی ئاماژەی پێدا، "حکومەتی ئێران بۆ شەڕی دژ بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و خەرجییەکی زۆری بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە".
جگە لە تێچووی دارایی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاند، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان، زیاتر لە سێ هەزار و 800 شەهیدی داوە و، زیاتر لە 12 هەزار برینداری پەککەوتووی هەیە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ رژدی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا.
بە گوتەی نەسروڵا رشنودی، کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دەیان هەزار ماددەی هۆشبەر.
کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، کە ئامانجی بازرگان و قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر، گەنجەکانن و گوتیشی: دەبێت بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاریان بینەوە.