مێرز: ئامادەین دانوستان لەگەڵ رووسیا بکەین
فرێدریک مێرز بۆ کۆشکی سپی: هیچ سوپرایزێکمان ناوێت و دەبێت وەک یەک تیم کار بکەین
راوێژکاری ئەڵمانیا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری دبلنی پایتەختی ئێرلەندا، پەیامێکی روون و بڕیاردەرانەی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و داوای کرد واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی و کیێڤ وەک یەک تیم بمێنێتەوە و هیچ هەنگاوێکی کتوپڕ نەنێت.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا رایگەیاند: دەمەوێت پەیامی هاوبەشی ئەوروپا زۆر بە روونی بگەیەنمە ئەمەریکا: تکایە هیچ سوپرایزێکمان ناوێت؛ با وەک تیمی ئەوروپا و لەگەڵ ئۆکرانیادا پێکەوە یاری بکەین و بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی راستەقینە و بەردەوام لە ئۆکرانیا هاوئاهەنگ بین.
مێرز ئاشکرای کرد کە پێشکەوتن لە ئاراستەی دانوستانەکانی ئاشتیدا هاتووەتە ئاراوە و راوێژکارانی ئەوروپی لەگەڵ هەردوو نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ستێڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر کۆبوونەتەوە کە زانیارییان لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان داوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لە هێڵە سوورەکانی ئەوروپا کردەوە و گوتی: ئامادەین دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ بکەین، بەڵام دەبێت ئەم دانوستانە لە پێگەی بەهێزەوە بێت. بۆ ئێمە ئەم هاوکێشەیە جێگیرە: هیچ بڕیارێک لەسەر ئەوروپا بەبێ ئەوروپا نادرێت، و هیچ رێککەوتنێکیش لەسەر ئۆکرانیا بەبێ ئامادەبوونی خودی ئۆکرانیا ناکرێت.
سەبارەت بە داواکارییەکانی رووسیا بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەمنیی ئەوروپا، مێرز وەڵامی مۆسکۆی دایەوە و گوتی: ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆ نییە لەسەر سیستەمی نوێ، چونکە ئەو سیستەمە بوونی هەیە کە ئەویش ناتۆیە. ئەوە تەنیا مۆسکۆ بوو کە پەیماننامەی ئاشتیی هێلسینکی پێشێل کرد، بۆیە ئاسایشی ئەوروپا تەنیا لە رێگەی ناتۆیەکی یەکگرتوو و بەهێزەوە گەرەنتی دەکرێت.
ئەم هەڵوێستەی بەرلین دوای ئەوە دێت کە کۆبوونەوەکانی ئەبوزەبی و جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن و مۆسکۆ خێراتر بوون، ئەوروپاش دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە هیچ رێککەوتنێکی ژێربەژێر لە نێوان ترەمپ و پووتین لەسەر حیسابی ئاسایشی کیێڤ و کیشوەرەکە ئەنجام نادرێت.