پیسکۆڤ: دەبێت ئەوروپا سەرکردەیەک بۆ دانوستانەکان دەستنیشان بکات

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا سەرکردەیەک بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا دەستنیشان بکەن کە لەلایەن ڤلادیمێر پووتینەوە پەسەند بکرێت، ئەوکات مۆسکۆ بڕیار دەدات ئایا کورسییەکیان لە دانوستانەکانی چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیادا پێ دەبەخشێت یان نا

هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مۆسکۆ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە رێگەپێدان بە وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو بەشداری لە دانوستانەکانی نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمەریکادا بکەن.

پێسکۆڤ گوتی، تاوەکو لە نیازی راستەقینە و ئامادەیی ئەوروپییەکان بۆ هاوکاریکردنی پڕۆسەی ئاشتی دڵنیا نەبنەوە، ناتوانن بچنە نێو دیالۆگێکی فراوانکراوەوە لەگەڵیاندا؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رووسیا داوای کەمکردنەوە یان راگرتنی هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا دەکات وەک مەرجێکی پێشوەختە.

ئەم روونکردنەوەیەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە رۆژێک پێشتر، جارید کوشنەر، نێردەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین لە مۆسکۆ رایگەیاندبوو، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە تاقیکردنەوەیەک بە بەشداریکردنی ئەورووپا لە دانوستانەکاندا بکات.

هاوکات یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پووتین، جەختی کردەوە، رووسیا تەنیا بە گەرەنتیکردنی سیستەمێکی نوێی ئەمنی بۆ تەواوی ئەوروپا ڕازی دەبێت، کە تێیدا سنوور بۆ فراوانخوازییەکانی ناتۆ و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی بەرەو رۆژهەڵات دابنرێت.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم داواکارییانەی مۆسکۆ، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە شاری دەبلن لە ئێرلەندا کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەبارەی دیاریکردنی کەسی نوێنەر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سەرجەم دەوڵەتانی ئەندام هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەو نوێنەری ئەوروپایە، بەڵام گوتیشی: "دەزانم رووسەکان منیان ناوێت، چونکە ئەوان نایانەوێت کەسێکی بەهێز لە بەرامبەریاندا بێت تاوەکو مەرجە سەختەکانی خۆیان بسەپێنن."

لە لایەکی دیکەشەوە، سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە توندی دژایەتیی بەشداریکردنی ئەوروپای کرد لە دانوستانەکاندا و هۆشداری دا لەوەی کە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی دوژمنکارانەیە و هێنانیان بۆ سەر مێزی دانوستان ئەو پێشکەوتنانە لەناودەبات کە ئەم هەفتەیە لە دانوستانە سێقۆڵییەکانی ئەبوزەبیدا بە نێوەندگیریی ئەمەریکا بەدەست هاتوون.

لە وەڵامی ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانەدا، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە 19ی تشرینی دووەمدا میوانداریی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بە ناوی "هاوپەیمانیی خوازیاران" دەکات، کە تێیدا زیاتر لە 20 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی هاوپەیمان، لەوانە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئاندی بێرنهام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە بەرلین کۆدەبنەوە.

راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی لووتکەکە مسۆگەرکردنی بودجەی بەرگری و سەربازیی ئۆکرانیایە بۆ ساڵی 2027، لەپاڵ داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئەوروپا بەرامبەر دانوستانەکانی ئاشتی.

مێرز جەختی لەوە کردەوە کە ئەڵمانیا لە پشتیوانیکردنی سەربازی و دارایی کیێڤ بەردەوام دەبێت و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بەیەک دەنگ و بەهێزییەوە رووبەڕووی مەرجەکانی کرێملین ببنەوە.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، گەڕێکی  دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو؛ هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا، هاوکات دوای کۆبوونەوەکە دوێنێ شاندی نێوەندگیری ئەمەریکا بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵەکان چوونکە مۆسکۆ و کێیڤ.