رۆزە ویڵسن: بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاڵنگارییەکی نێودەوڵەتییە

رۆزە ویڵسن
رۆزە ویڵسن

K24 - هەولێر:

رۆزە ویڵسن، بەرپرسی یەکەمی یاسایی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاڵنگارییەکی نێودەوڵەتییە، کە هەموو سنوورەکانی بڕیوە و بەبێ هەماهەنگی هەرێمایەتی و وڵاتان چارەسەر ناکرێت.

رۆزە ویڵسن لە پانێڵێکی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، گوتی: بەداخەوە، ئێمە وەک بەریتانیا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕ و بازرگانیکردن بە هێرۆین لە یەکێتی ئەوروپا، پەیوەندییەکی زۆر باش و پتەومان نییە.

بەرپرسی یەکەمی یاسایی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق باسی لەوە کرد، دەیانەوێت بەشدار بن لە نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و گوتیشی: بۆ رووبەڕووبوونەوەشی ستراتیژی خۆمان هەیە.

سەبارەت بە ماددەی هۆشبەری هێرۆین، بەرپرسی یەکەمی یاسایی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا، هێرۆین لەم ناوچەیەوە دێتە ئەوروپا و لە شەقامەکانی بەریتانیا بەکاردەهێنرێن، گوتیشی: ئێمە زۆر پێویستمان بە وڵاتانی ناوچەیەکە بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هاوکارمان بن.

وەک رۆزە ویڵسن ئاماژەی پێدا، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، لە هەموو شتێک گرنگتر، بەدواداچوونە بۆ سەرچاوەی داهاتیان، بۆ ئەوەی بە دۆزینەوەی ئەو سەرچاوەیە، بازرگانیکردن بەو ماددانەوە کۆنترۆڵ بکەیت.

راشیگەیاند، بەشار ئەسەد بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات و ناوچەکە بۆ گواستنەوەی ماددەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن بەریتانیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە سزا دراوە، لەو بارەیەشەوە، بەرپرسی یەکەمی یاسایی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لەوەی ملیاران دۆلار لەرێگەی ئەم ماددە هۆشبەرانەوە بچێتە دەستی ئەم رژێمەوە، هەر بۆیە چاومان لەوەیە هەماهەنگییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زیاتر بکەین.