كوێستان محه‌ممه‌د: له كابینه‌ی نۆیه‌مدا هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی گه‌یاندنی مادده هۆشبهرهكانمان بۆ ناو چاكسازییه‌كان وشك كرد
K24 - هەولێر:
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات شۆڕشێكی گه‌وره‌ی چاكسازی دژهگهندهڵییان له‌ناو چاكسازییه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌ت به‌رپا كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو سه‌رچاوه و رێگه‌كانی گه‌یاندنی مادده هۆشبه‌ره‌كانیان بۆ ناو چاكسازییه‌كان وشك كردووه.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 15ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) كوێستان محه‌ممه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا توانیویانه شۆڕشێكی چاكسازی دژی گه‌نده‌ڵی له چاكسازییه‌كان به‌رپا بكه‌ن. گوتیشی، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ویستبای مادده‌ی هۆشبه‌ری دهستبكهوتبایه، ده‌چوو له‌ناو چاكسازییه‌كاندا به‌ده‌ستیده‌هێنا.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، شه‌ش چاكسازی سه‌ر به وه‌زاره‌ت هه‌یه كه پێش كابینه‌ی نۆیه‌م ته‌نانه‌ت ئامێری سۆنار-یان نه‌بووه، بۆ پشكنینی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی ده‌بردرێنه ناو چاكسازییه‌كان. روونیشیكرده‌وه، نه‌بوونی سۆنار له‌ناو چاكسازییه‌كاندا هۆكارێك بووه بۆ بردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ ناو ئه‌و چاكسازییانه.
كوێستان محه‌ممه‌د هاوكات باسی له‌وه كرد، پێشتر كۆمپانیاكانی دروستكردن و ئاماده‌كردنی خۆراك له چاكسازییه‌كان و هه‌روه‌ها فرۆشگاكانی ناو چاكسازییه‌كان له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه مادده‌ی هۆشبه‌ر چووه‌ته ژووره‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌ستیپێكردبێت، كه له‌وسه‌ر هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، ئالووده بوو.
جه‌ختیشیكرده‌وه سه‌رجه‌م سه‌رچاوه و رێگه‌كانی گه‌یاندنی مادده هۆشبه‌ره‌كانیان بۆ ناو چاكسازییه‌كان وشك كردووه. گوتیشی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان تێوه‌گلابوون، سزاد دراون و دوورخراونه‌ته‌وه.