سوپای ئیسرائیل ژماره‌ی رفێندراوانی ئاشكراكرد
K24 – هەولێر:
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، 155 هاووڵاتیانی لەلایەن بزووتنه‌وه‌ی حەماسەوە رفێندراون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، 155 هاوڵاتی ئیسرائیلی رفێندراون و لەلای حەماس دەستبەسەرن، كه ئەمە له کاتێکدایە پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، 126 هاووڵاتیان رفێندراون.
لەناو رفێندراوەکاندا بەرازیلی، ئەمه‌ریکی، بەریتانی، ئیتالی و فیلیپینی تێدایە.
کەسوکاری رفێنداوەکانیش داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەن کار بکات بۆ گەڕاندەوەیان.
رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
ژماره‌ی كوژراوه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان به‌هۆی بۆردومانی كه‌رتی غه‌ززه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، گه‌یشته 2400 كه‌س، هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی پێكرد، هاوکات ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلیش گەیشتە 1400 کوژراو، هه‌روه‌ك نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل 9042 كه‌س برینداربوونه.
روونیشیكرده‌وه، له‌نێو كوژراوه‌كانی فه‌ڵه‌ستین، 700 منداڵ هه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی حه‌ماس – ئیسرائیل، 1400 ئیسرائیلی كوژراون.