بەهای لیرەی سووری زیان بە مامەڵەکارانی بازاڕی دراو دەگەیەنێت

K24 – سلێمانی
ناجێگیری بەهای دراوەکان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، لەم دواییەدا وایکردووە زۆر لە مامەڵەکارانی زیانیان بەر بکەوێت، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی زیاتر لە 500 کەس بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی سووری زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بە گوێرەى زانیارییەکانى کوردستان24، کەسی وا هەبووە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی 48 دەفتەر دۆلارى داوە بە 60 ملیۆن لیرەى سوورى، بەڵام ئێستا دەکاتە شەش هەزار دۆلار.
میران حەمەد، خاوەنی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراوە لە سلێمانی، یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی بەهای لیرەی سووری زیانی زۆری بەرکەوتووە، بە کوردستان24ی گوت: "هەرچى پارەى پۆخڵەواتە لە هەر وڵاتێک دردەچێت یان ئەو وڵاتە لە رووی ئابووری و سیاسییەوە دەکەوێت پارەکەی دێتە ئەم سلێمانییە و ساغ دەکرێتەوە، خەڵکێکى زۆر پەلامارى دەدات و دواى زەرەر دەکات ئەم لیرەى سووریەش خەڵک هەیە 13 میلۆن یان 16 ملیۆنی پێداوە، هەیە 470 هەزار دینارى پێداوە، خۆم ئەوەندەم پێداوە بۆ هەر ملیۆنێکى ئێستا بە 118هەزار دینارە".
بەشێک لەو کەسانەى لە رابردوودا لیرەى سووریان کڕیوە، ئومێدى ئەوەیان هەبووە کە بەهاکەى بەرزدەبێتەوە ئەمانیش قازانج بکەن، بەڵام بە هۆکارى ئەوەى ژێرخانى ئابوورى سووریا لە داڕماندایە نەک ئەو لیرەیە پارەکەى خۆیان بۆ ناکاتەوە، بەڵکو زۆرکەمتر لەو نرخەى کە پێیان داوە ئێستا مامەڵەى پێوە دەکرێت.
یەکێکی دیکە لە مامەڵەکارانی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی سلێمانی بەناوی ئیسماعیل محەممەد دەڵێت: "ئێستا یەک ملیۆن لیرەى سوورى بە 118 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام لەمەش زیاتر دادەبەزێت، خەڵک بۆ مامەڵەی پێوە دەکەن؟ پێویستە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک مامەڵە بە تمەنى ئێرانى، لیرەى تورکى، لیرەی سوورى و لوبنانى نەکەن".