ئەنتۆنی بلینکن دوای گەشتەکەی بۆ وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە ئیسرائیل، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لە شەممەی رابردووەوە دەستی پێکردووە، دووەمجارە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دوای چوار رۆژ لە سەردانی کردنی تەلئەبیب، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئەو وڵاتە، بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، کە لە ئێستادا ئامادەکاریی بەرفراوان دەکات بۆ ئەوەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر کەرتی غەززە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە، لە قاهیرە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "دەمەوێت دەرفەتێکم بۆ برەخسێت کە هەموو ئەو شتانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بیستوومە و فێربووم، لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوڕێ ئیسرائیلییەکانمان باس بکەم".

گەڕانەوەی بلینکن لەکاتێکدایە، کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە بانگهێشتنامەیەک دەکاتەوە بۆ سەردانیکردنی ئیسرائیل بۆ ئەوەی هاودەنگی زیاتر نیشان بدات.

بەرپرسانی ئەمەریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، لە میانی گەشتەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ ئوردن و سعوودیە و بەحرەین و میسر و ئیمارات و قەتەر، بلینکن گوێی لە رەخنەی سەرکردە عەرەبییەکان بووە لەسەر حەماس.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە قاهیرە گوتی: "بەڕوونی ئەوەم خستووەتەروو، کە لە داهاتوودا شتەکان پێویست ناکات وەکو هەمیشە بێت لەگەڵ حەماسدا".

بلینکن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکردووە: لە هەمان کاتدا ئێمە بڕیارمان داوە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت خەڵکی سڤیل لە ئەنجامی کردەوەکانی حەماس ئازار بچێژن.

لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکادا، ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە، ئاوی بۆ باشووری کەرتی غەززە بەردایەوە، دوای ئەوەی پێشتر کارەبا و ئاو و سووتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ کەرتی غەززە پچڕاندبوو، کە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە.

لەلایەکی دیکەوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر، رۆژی یەکشەممە پێشوازی لە بلینکن کرد، گوتی: "کاردانەوەی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی، تێپەڕیوە بۆ سزادانی بەکۆمەڵ".

قاهیرە بەنیازە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی هەنگاو بنێت بەهۆی داواکانی سوپای ئیسرائیل، کە داوای لە زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی کەرتی غەززە کردووە کۆچ بکەن بەرەو باشووری غەززە.

بلینکن گوتیشی: پێویستە خەڵکی غەزز بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل شەڕی حەماس دەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکی سکۆت پێلی پێشکەشکاری بەرنامەی (شەست خولەک) لە کەناڵی سی بی ئێس، کە ئایا پشتگیری لە هەر داگیرکارییەکی کەرتی غەززە دەکات لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانیەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حەماس نوێنەرایەتی هەموو گەلی فەڵەستین ناکات"، بەڵام هێرشکردن بۆ "نەهێشتنی توندڕەوەکان" مەرجێکی پێویستە.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.