بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: نزیکەی لە سەدا 50ـی بەرهەمی پەلەوەر هەناردەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست دەکرێت

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، رەتیکردەوە نەخۆشی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی پەلەوەر هەبووبێت، جەختیشی کردەوە، نیوەی بەرهەمەکە هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت.

فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بەرهەمی پەلەوەری هەرێم لە نێوان 250 تاوەکو 265 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، لەکاتێکدا پێویستی راستەقینە 187 هەزار تۆنە، بۆیە نزیکەی 50%ی هەناردەی ناوەڕاست و پارێزگاکانی باشوور دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەرهەمهێنانی هێلکە رۆژانە دەگاتە 14 هەزار کارتۆن، لەکاتێکدا پێویستییەکانی ناوخۆی هەرێم، تەنها 7 هەزار کارتۆنە، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.

بەڕێوەبەرەکەی سامانی ئاژەڵ باسی لە نەخۆشییەکان کرد و گوتی: ئەو نەخۆشییانەی کە تووشی هەندێک پڕۆژەی پەلەوەر دەبن، دەرئەنجامی گرنگینەدان و کەمتەرخەمی خاوەنەکانیانە، وەک ڤایرۆسی نیوکاسڵ کە رێژەی تووشبوونیان لەسەدا 20 تا 30 تێپەڕناکات، هەروەها کاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنان نییە ، بە تایبەتی کە پڕۆژەکان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری دامەزراوە حکومی و ڤێتێرنەرییەکان.