وەزارەتی شارەوانی: تاپۆی زیاتر لە 10 هەزار كارتی دیکەی زەوی لە هەولێر ئامادەكراوە

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 - هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، تاپۆی زیاتر لە 10 هەزار كارتی دیکەی زەوی لە هەولێر ئامادەكراوە و لە سبەیەوە خاوەن زەوییەكان دەتوانن وێنەی تاپۆكانیان وەربگرنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی پرۆسەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، 10 هەزار و 242 كارتی دیکە لە هەولێر كارەكانیان تەواوكران و وێنەی تۆمار (تاپۆ)یان بۆ دەركراوە و لە سبەیەوە خاوەن زەوییەكان دەتوانن سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەوانی بكەن بۆ وەرگرتنی وێنەی تۆماری زەوییەكانیان.

ئەوەش خراوەتەڕوو: پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت چەند ساڵێكە بەردەوامە و پێشتریش چەند هەزار پارچە زەویی دیكە وێنەی تۆماریان بۆ دەركراوە و لە ئێستاشدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماركردنی خانووبەر و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان (10242) كارتی دیكە كارەكانیان تەواوكراوە و وێنەی تۆماریان ئامادەن و خاوەنزەوییەكان دەتوانن لە سبەیەوە سەردانی شارەوانی بكەن بۆ وەرگرتنی وێنەی تۆماری زەوییەكانیان.

تاپۆی زیاتر لە 10 هەزار كارتی زەوی ئەوانەی ئامادەکراون بەم شێوەیە بەسەر ناوچە جیاکانی هەولێر دابەشبوون:

- (1600) كارت لە كانی قڕژاڵە.

- (220) كارت لە كەرتی 92ی شاوێس.

- (1800)كارت لە گڕەسۆری نوێ لەناو نەخشەی كەرتی باغمرەشەهاب.

- (590 ) كارت لە عرب كندی.

- (4332) كارت لە گوندی كۆری.

- (600) كارت لە قەرەچناغە لەناو نەخشەی كەرتی باغمرەشەهاب.

- (1100) كارت لە گەڕەكی قەڵاتی نوێ لە سنووری بنەسڵاوە.

Fly Erbil Advertisment