سێرگی لاڤرۆڤ: سبەی ڤلادیمێر پوتن سەردانی چین دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، دەستپێشخەری کۆڕبەندی "پشتێنە و رێگا"ـی چین پێویستە بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکان لە ئۆراسیا.

وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی "وانگ یی" لە پەکین گوتی: "ئەم پڕۆژەیە بە بەشێکی گرنگی بەهێزکردنی هاریکارییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندی هاوبەش لە سەرانسەری کیشوەری ئۆراسیا دەبینین".

ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن و هاوتا چینییەکەی شی جینپینگ، لە میانەی سەردانەکەی پوتن بۆ پەکین گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەکەن.

باسی لەوەشکرد، "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەوەی جارێکی دیکە لە پەکین دەبین، دەرفەتمان هەیە بە گەیشتنی سەرۆک پوتن بە چین، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر پەرەپێدانی کاروباری دوو لایەنە".

دەشڵێت: "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پەرەسەندندان و کاتێک سەرۆکەکان سبەینێ کۆدەبنەوە بە تەواوی باسی ئەو پەیوەندییانە دەکەین".

بڕیارە پەکینی پایتەختی چین لە رۆژانی 17 و 18ـی ئۆکتۆبەر، میوانداری نوێنەرانی 130 وڵات بکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "رێگای ئاوریشمی نوێ".

کۆڕبەندەکە بە فەرمی ناوی " پشتێنە و رێگا"یە، ئامانجی پلانەکەش باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەیە، بە دروستکردنی بەندەر و هێڵی ئاسنین و فڕۆکەخانە و ناوچەی پیشەسازیی. لەوچوارچێوەیەشدا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەفەرمی بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە.