شاخەوان عەبدوڵڵا: بیرۆکە هەیە مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کوردستان بخرێته سه‌ر خه‌رجی سیادی

K24 - هەولێر
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، بیرۆکەیەک هەیە بۆ ئەوەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێته سه‌ر خه‌رجی سیادی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا رایگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممەی داهاتوو، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاندی هه‌ولێر و به‌غدا كۆده‌بنه‌وه و هه‌وڵده‌درێت بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكرێته‌وه .
وەکو ئەوەی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ کرد، “بیرۆكه‌ی ئه‌وه هه‌یه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته سه‌ر خه‌رجی سیادی، بۆیه به‌هه‌ر شێوازێك بێت ده‌بێت بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان چاره‌سه‌ر ببێت”.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سبەی سەردانی بەغدا بکات، لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار پێکدێت.
لەبارەی سەردانەکەوە، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: "سەردانی شاندی حکومەت بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق؛ ئیختیارییە و نیشاندەری نییەتی جیددی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەموو پرسە داراییەكان".
پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن".