سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستین: 11 رۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون

K24 – هەولێر:
ژمارەی قوربانیانی رۆژنامەنووسان لە ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە بەرزبوونەوەدایە و سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستینیش ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە.
رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستینی کوژرانی 11 رۆژنامەنووسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند لە یەکەم رۆژی دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا.
هاوکات هەوڵەکان لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و رزگارکردنی بیانییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە بەردەوامن، بە تایبەتیش لە کەرتی غەززە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بیانی چاوەڕوانی رزگاربوون دەکەن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، جارێکی دیکە ئەفیگای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد روو لە باشووری غەززە بکەن بەر لە دەستپێکردنی هێرشە زەمینییە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای ئیسرائیل.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رۆژ دوای رۆژ هێزەکانی بە درێژایی سنوور لەگەڵ کەرتی غەززە بڵاو دەکاتەوە و ئامادەکاری تەواو دەکات بۆ ئەو هێرشە زەمینیەی چاوەڕوانکراوەی بیکاتە سەر کەرتی غەززە و گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلش ئاشکرایکردووە، 199 سەرباز و هاووڵاتییان لە دەستی هێزەکانی بزووتنەوەی حەماسدان.
لەلایەکی دیکەوە ئەمرۆ دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، توانیویانە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ چوونە نێو کەرتی غەززە شکست پێبهێنن و باڵی سەربازی کەتیبەکانی قەسامیش ئاشکرای کردووە، هێزەکانیان توانیویانە جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل بە مووشەک بۆردومان بکەن.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19:30ـی ئێوارەی دووشەممە) نزیکەی هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، دوو هەزار و 808 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و 10 هەزار و 850 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.