ئیبراهیم ره‌ئیسی: پشتوانیكردنی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌پێشینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دایه‌

ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێران
ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێران

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌ سه‌رۆكی رووسیای راگه‌یاندووه‌ پشتوانیكردنی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌پێشینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دایه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 16ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) میدیا ئێرانییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێران له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیای راگه‌یاندووه‌، پشتیوانیكردنی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌پێشینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دایه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆككۆماری ئێران به‌ سه‌رۆكی رووسیای گوتووه‌، "گرووپه‌كانی به‌رگری" فه‌ڵه‌ستینی، خاوه‌نی بڕیاری خۆیانن و خۆیان بڕیار له‌باره‌ی به‌رنامه‌ و ستراتیژییان ده‌ده‌ن.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە 1400 کەس.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ بۆ 2808 به‌رزبووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداره‌كانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 10850 كه‌س.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە (ئۆنروا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.