ماتیۆ میلەر: بلینکن و ناتانیاهۆ بۆ ماوەی پێنج خولەک لە حەشارگەیەک خۆیان پاراست

بلینکن و ناتانیاهۆ لە تەلئەڤیڤ لە رۆژی 16-10-2023 / وێنە: AFP
بلینکن و ناتانیاهۆ لە تەلئەڤیڤ لە رۆژی 16-10-2023 / وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ، لە ترسی مووشەکبارانی کردن لەلایەن حەماسەوە، بلینکن و ناتانیاهۆ بۆ ماوەی پێنج خولەک چوونە حەشارگەیەک.

رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) دوای ئەوەی جارێکی دیکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیلی کردەوە و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەوە، لەو کاتەدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و لەلایەن خۆیەوە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، بلینکن و ناتانیاهۆ بۆ ماوەی پێنج خولەک لە حەشارگەیەک خۆیان پاراست.

ماتیۆ میلەر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوە هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە شوێنەکەیان جێهێشتووە و دواتر لە ناوەندیی سەرکردایەتی لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل درێژەیان بە گفتوگۆکان داوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ناوچەکە بکات و هاوشێوەی بلینکن، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەسەربکاتەوە و پرسی ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەگەڵ سەرکردەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەنجوومەنی وەزیرانی جەنگی، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و بۆ ماوەی پێنج خولەک، لە حەشارگەیەک خۆیان پاراست.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19:30ـی ئێوارەی دووشەممە) نزیکەی هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، دوو هەزار و 808 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و 10 هەزار  و 850 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.