ئێران: رەنگە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا حزبوڵڵا هێرش بکات
K24 - هەولێر
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەکرد کە رەنگە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا حزبوڵڵای لوبنان هێرشی بەرگرتن دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات.
عەبدوڵلاهیان، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنی پەیوەست بە هەڵسەنگاندن بۆ شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس رایگەیاند، رەنگە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا حزبوڵڵای لوبنان هێرشی بەرگرتن دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات و گوتی: "سەرکردەکانی بەرگریی رێگە نادەن رژێمی ئیسرائیل لە غەززە هەر کردەیەک (هێرشی وشکانیی) ئەنجام بدات و پاشان پەلاماری هێزە بەرگرییکارەکانی دیکە بدات. هەموو بژاردەکان لەبەردەم حزبوڵڵادان".
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیکردەوە: "چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئەگەری هێرشی بەرگرتنی بەرەی بەرگریی دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدرێت".
دوای شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، حزبوڵڵای لوبنانی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائل دەکات. پێشتر نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاندووە: "ئامادەین پەیوەندی بە براکانمان لە حەماس و گرووپە بەرگریکارە فەڵەستینییەکانەوە بکەین بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەڵام چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەین".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە جارێک بارەگەکانی حزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردومانکردووە، لە بەرامبەردا حزبوڵڵا لە رێی دزەکردنی چەکدارەکانی بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئیسرائیلیان کوشت.