حکومەتی کۆڵۆمبیا باڵیۆزی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی دەرکرد
K24 - هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا بڵاویکردەوە، بەفەرمی داوایان لەباڵیۆزی ئیسرائیل لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا کردوو داوای لێبوردن بکات و وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، ئەوەش بەهۆی وەڵامدانەوەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا سەبارەت بەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا بڵاویشیکردەوە، گالی داگان باڵیۆزی ئیسرائیل لە کۆڵۆمبیا گۆستاڤۆ پیترۆی سەرۆکی کۆڵۆمبیای بەشێت ناوهێناوە لەبەرامبەر بەگریکردنی لە خەڵکی فەڵەستین، هەربۆیە داویان لە باڵیۆزی ئیسرائیل کردووە لەزوترین کاتدا کۆڵۆمبیا بەجێبهێڵێت.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەهۆی هێرشی چەکدارانی گرووپە فەڵەستینییەکانەوە، نزیکەی هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون.
دواتریش سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی (شمشێری ئاسنین)ـی دژی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە دەستپێکرد و بەچڕی بۆردوومانی کەرتی غەززەی کرد.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی 11 رۆژی رابردوودا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە دوو هەزار و 800 کەسی تێپەڕاندووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.