پارێزگاری هەولێر: لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چاوەڕوانی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانین
K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە رۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە، دادگای فیدڕاڵی نوسراوی فەرمی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، سەبارەت ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێمەش چاوەروانی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانین.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژناومەوانیدا لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی رەشکین، لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجومەنی پارێزگاکان گوتی: تا رۆژی پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە رێگەی راگەیەندراو و میدیاوە ئاگاداری بڕیارەکە بووە، بەڵام پێموایە لە رۆژی پێنج شەممەوە، نوسراوی فەرمی دادگای فیدڕاڵی هاتووە.
گوتیشی: ئێمەش وەکو پارێزگاکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان چاوەڕوانی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانین، کە بەچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانین".
لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایا پارێزگارانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەکارەکانیان بەردەوام دەبن یان ئەوانیش بەر بڕیارەکە دەکەون، عەلی رەشید گوتی: "پارێزگارانی ئێستای هەولێر، دهۆک و سلێمانی کاندیدی حکومەت بوون و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەنها متمانەیان پێ داون".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دانانی پارێزگارانیان پەسندکردووە و فەرمانی هەرێمایەتییان بۆ دەرچووە؛ بۆیە بڕیارەکە ئەوان ناگرێتەوە و لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن".
پێشتر کەنعان خەیلانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە کارەکانی، و چاوەڕوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن، بۆئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن.
ئاماژەی بەوەش دابوو، لە دەستووری عێراقی، دوو جۆر لە پارێزگا هەیە، یەکیان ئەو پارێزگایەنانەن کە نەبەستراونەتەوە بە هەرێمەوە، کە ئەمانە لە نێو دەستوور شێوازی کارکردن و رێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ دیاریکراوە، ئەوی دیکە پارێزگاکانی نێو هەرێمی کوردستانن، کە ئەمەیان شێوازی ئیدارەدان و رێکارە کارگێڕییەکانی دراوەتە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان سیاسییە، هەروەها پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت هەموواری هەموو یاساکانی بکاتەوە.
کەنعان خەیلانی باسی لەوەشکرد، بەپێی ماددەی 38 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009 لە پەرلەمانی کوردستان، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دایە رۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکەن.
دادگای فیدراڵی عێراق لە 24ـی ئەیلوولی 2023، بڕیارێکی دەرکرد بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. کە گوایە ماوەی یاسایی خۆیی تەواو بووە،
لە 30ـی نیسانی ساڵی 2014، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیاریش وابوو لە ساڵی 2018، خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار هەڵبژاردن بەڕێوە نەچوو، وادەی یاسایی ئەنجومەنەکان درێژکرایەوە.