بەحرەین بڕیاری گەڕانەوەی باڵیۆزەکەی بۆ بەغدا دا

وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، بڕیاری وڵاتەکەی بۆ گەڕاندنەوەی باڵیۆزی بەحرەین بۆ بەغدا راگەیاند، هاوکات هەردوولا دۆخی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەبدوللەتیف بن راشید زیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین پێگەیشت و تێیدا ئەنجامی سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ بەحرەین و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شا، جێنشین و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ کران وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە پەیوەندییەکەدا سوپاسی سەرۆکوەزیران و شاندی عێراقی کرد بۆ سەردانەکەیان و بە فەرمی بڕیاری گەڕاندنەوەی باڵیۆزی بەحرەین بۆ عێراق راگەیاند، کە ئەمەش پەرۆشیی مەنامە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان دەردەخات.

لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن سوپاسی هاوتا بەحرەینییەکەی کرد بۆ پێشوازیی گەرم لە شاندە باڵاکەی عێراق لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ مەنامە، و جەختی لەسەر بایەخدانی بەغدا کردەوە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەحرەین لە بوارە جیاجیاکاندا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا پێشهاتە هەرێمییەکان لە سایەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستا خرانە بەرباس، و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی، راوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە کردەوە.